وەزارەتی خوێندنی باڵا: 48 سەعات زانکۆلاین درێژکرایەوە
بڵند
٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
لەپێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى، پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلاین 48 سەعات درێژکرایەوە، خوێندنی باڵاش دەڵێت؛ تا ئێستا 70٪ـی دەرچوان فۆرمی زانکۆلاینیان پرکردوەتەوە.
لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم، رایگەیاند لەپێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى بۆ ئەوانەى تا ئێستا فۆڕمى (زانکۆلاین) یان پڕنەکردوەتەوە یان تەواویان نەکردوە، بڕیاردرا ماوەى زانکۆلاین (48) سەعات درێژبکرێتەوە.
وەزارەتى خوێندنى باڵا راشیدەگەیەنێت، تا ئێستادا 70٪ـی دەرچوان فۆرمی زانکۆلاینیان پرکردوەتەوە و ئەم بڕیارەیان لەپێناو بەرژەوەندى گشتى و پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچوانى ئەمساڵ.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دەرچوانى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و پیشەییەکانیش بەهەمان شێوە دەتوانن سود لەم دەرفەتە وەربگرن و لەو 48 سەعاتەدا فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە.
خوێندنی باڵا هۆشداریشدەدات، ئەمە دواین دەرفەتە و چیتر ماوەی زانکۆلاین درێژناکرێتەوە و پێویستە خوێندکاران لەماوەى ئەو 48 سەعاتەدا پەلەبکەن و تەواوى هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ پڕکردنەوەو تەواوکردنى فۆرمى زانکۆلاین.



