ئەحمەد شەرع: رێککەوتوین لەگەڵ سەرکردە کوردەکان لە ناوچە کوردنشینەکان خوێندن بە زمانی کوردی بێت
بڵند
٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
ئەحمەد شەرع رایگەیاند، بە رەسمی ناسینی مافە کانی کورد و زمانی کوردی ئەرکێکی رەوایە و لە مەرسومە 13 خاڵیەکەدا چەسپاوە و دوای 100 ساڵ پێشوازییەکی زۆر گەرمی لێکرا.
لە میانی کۆبونەوەکانی لە ئەمریکا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا رایگەیاند، رێککەوتون لە ناوچە کوردنشینەکاندا خوێندن بە زمانی کوردی بخوێندرێت و ئێستا تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەتی پەروەردە سەرقاڵی دارشتنی میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیەن.
بە گوێرەی مەرسومە 13خاڵیەکەی کە ئەحمەد شەرع ئیمزای کردوە، رەگەزنامە دەبەخشێتە ئەو کوردانەی بێ رەگەزنامەن و سەرژمێریی ساڵی 1962 هەڵدەوەشێنێتەوە.
مەرسومەکە، بە رەسمی داندەنێت بە کوردا وەک بەشێکی سوریا و زمانی کوردیش وەکو زمانێکی نیشتمانی لە خوێندنگەکاندا جێگیر دەکات و نەورۆزیش وەکو پشویەکی رەسمی وڵاتەکە دیاری کراوە.
شەرع ئاماژەی بەوەشکردوە، قۆناغی راگوزەر سنوردارە بۆ پێنج ساڵ و نابێت وەک پێوەرێک بۆ بەردەوامیی دەوڵەتی سوریا بەکاربهێنرێت و کار بۆ باشترکردنی یاساکان لە رێگەی مەجلیسی گەلەوە بەردەوامە.
ئەم قسانەی ئەحمەد شەرع لە کاتێکدایە تا ئێستا خوێندن بە زمانی کوردی بە تەواوەتی نەچوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ناوچە کوردییەکان رۆژانە دژی نەخوێندن بە زمانی کوردی و مامڵەنەکردن لەگەڵ زمانەکەدا وەک زمانێکی رەسمی خۆپیشاندانە.



