بڕیارە سبەینێ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات و بڕگەکانی یەکخستنەوە و یەکسانکردنی موچەی پێشمەرگە و درێژکردنەوەی داشکاندنی قەرزی کارەبای هاووڵاتیان تاوتوێبکرێن.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەپێی کارنامەی رەسمی کۆبوونەوەی ژمارە 175ـی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە:

  1. بڕگەی یەکەم: وەزیری کاروباری پێشمەرگە راپۆرتێک لەبارەی پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەت و پلانەکانی داهاتوو دەخاتەڕوو.

    هاوکات تاوتوێی هەوڵەکان دەکرێت بۆ یەکسانکردنی موچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە هاوشێوەی هێزە هاوتاکانیان لە دامەزراوە ئەمنییەکانی حکومەتی عیراق، لەگەڵ تەرخانکردنی بودجەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکاندا وەک بەشێک لە سیستمی بەرگریی عیراق.

  2. بڕگەی دووەم: ئەنجومەنی وەزیران دەرئەنجامەکانی بڕیاری پێشووی تایبەت بە داشکاندن لە قەرزی کەڵەکەبووی کارەبای نیشتمانی تاوتوێ دەکات و بڕیاریش لەسەر پێشنیاری درێژکردنەوەی ماوەی داشکاندنەکە دەدرێت، تاکو هاووڵاتییان بتوانن بۆ ماوەیەکی زیاتر لەو بڕیارە سوودمەند بن.

  3. بڕگەی سێیەم: پێشنیاری کارپێکردنی یاسای فیدراڵیی کۆمپانیا گشتییەکان ژمارە 22ـی ساڵی 1997ـی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو.

    ئەم هەنگاوەش لەسەر بنەمای پێشنیاری تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی داراییە و مەبەست لێی یەکخستنی یاسا بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدادە

هاوکات، کۆبوونەوەکە کاتژمێر 10ـی سەرلەبەیانی لە هۆڵی 'مامۆستا سەعد' لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی دوو سەعات بەردەوام دەبێت.