شارەوانیی هەولێر: هەڵمەتێکی فراوانی لابردنی بەنزین فرۆشەکانی سەر شەقامەکانمان دەستپێکرد
ساکۆ سمکۆ
٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
شارەوانیی هەولێر بڵاویکردەوە، لە پێناو پاراستنی سیمای شار و رێگریکردن لە زێدەڕۆیی، هەڵمەتێکی فراوانی لابردنی بەنزین فرۆشەکانی سەر شەقامەکانیان دەستپێکردووە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، ئەمشەو تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیی دوو، بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی، هەڵمەتێکی فراوانی لابردنی بەنزین فرۆشەکانی سەر شەقامەکانیان دەستپێکرد.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم دیاردەیە لە ئێستادا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بەبێ هیچ مۆڵەتێک و مەرجی سەلامەتی و رەچاوکردنی کوالێتی و رێنماییەکان، بەنزینی خراپ بەسەر هاوڵاتیان و شوفێراندا ساغدەکەنەوە.
ئەوەشی روونکردووەتەوە، جگە لە ناشرینکردنی سیمای شار، ئەم کارە مەترسییەکی گەورەیە بۆ گیانی خودی فرۆشیارەکانیش، لەبەر ئەوەی هیچ مەرجێکی سەلامەتییان تێدا نییە و ئەگەری رووداوی نەخوازراو و کەوتنەوەی ئاگریشی زۆرە.


