جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم و وەفدێکی سێناتی فەڕەنسا کۆبوونەوە و باسیان لە رەوشی ئێستای ناوچەکە و سەرهەڵدانەوەی مەترسی و هەڕەشەکانی تیرۆرستانی داعش لە ناوچەکەکرد.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەفدێکی ئەنجوومەنی سێناتی فەڕەنسا کرد کە لە هەریەکە لە سیناتۆر نیکۆل دۆرانتۆن، سەرۆکی کۆمیتەی دۆستایەتیی فەڕەنسا - عیراق، رێمی فێرۆ و ئۆلیڤیێ بلیتز ئەندامانی کۆمیتەکە پێکهاتبوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا بە گرنگییەوە باسیان لە پەیوەندیی مێژوویی نێوان کورد و گەلی فەڕەنسا کرد و هاوڕابوون کە پێویستە کاری زیاتر بکرێت بۆ بەردەوامیدان و بەهێزترکردنی ئەو متمانە و پەیوەندییە مێژووییەی کە لەنێوان هەردوولادا هەیە.

لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی بە پێزانینەوە باسی ئەو هاوسۆزی و پشتیوانییە بەردەوامەی حکومەت و گەلی فەڕەنسای بۆ کوردستان کرد و بە تایبەتیش سوپاسی هاوکاری و پشتیوانییەکانی سوپای فەڕەنسای بۆ پێشمەرگە و سوپای عیراق لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، کرد.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە هەڕەشە و مەترسییەکانی گروپە تیرۆریستییەکان لە عیراق و ناوچەکە کرا و هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە راستە داعش و گروپە تیرۆریستییەکان شکستیان هێناوە، بەڵام هێشتا بە تەواوی بنەبڕ نەکراون و وەک مەترسی بۆ سەر ناوچەکە و هەموو جیهان، ماونەتەوە.

لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران بە ئاماژەدان بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، بە پێویستی زانی هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامبن لەسەر پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە لە هەرچەشنە هەڕەشە و مەترسییەک.