بڕیارە سبەینێ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامبدات و سێ تەوەری سەرەکی لەبارەی پرۆسەی خوێندنی ساڵی نوێ و سەرژمێری و بودجەی 2027، تاوتوێ بکرێن.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڵاویکردەوە، سبەینێ 16ـی 9ـی 2026 کۆبوونەوەی ئاسایی (174)ـی خۆی لە هۆڵی مامۆستا سەعد ئەنجام دەدات و کۆبوونەوەکەس لەم تەوەرە سەرەکییانە پێک دێن:

ئامادەکارییەکانی ساڵی نوێی خوێندن: هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئامادەکارییەکانیان بۆ دەستپێکردنی ساڵی خوێندنی (2026 - 2027) دەخەنەڕوو.

کاریگەرییەکانی سەرژمێریی گشتی: وەزیری پلاندانان هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکانی بەغداد لەبارەی پەسەندکردنی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی 2024 دەکات، بەتایبەت کاریگەرییەکانی لەسەر دیاریکردنی پشک و شایستە دارایی و دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و یەکلاکردنەوەی هەڵوێستی حکومەت لەو بارەیەوە.

بودجەی 2027 و گفتوگۆکان لەگەڵ بەغداد: شاندی باڵای دانوستانکار ئەنجامی دوایین کۆبوونەوەکانی خۆی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی دارایی 2027 دەخاتەڕوو، بە مەبەستی جێگیرکردنی شایستە دارایی و مافە دەستوورییەکانی هەرێم.