قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم کۆبووەوە
ساکۆ سمکۆ
١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازی لە هۆڵی ڤێر، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد و پێکەوە لەبارەی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێشەمە 15ـی 9ـی 2026 بەڕێوەچوو، باس لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کرا.
لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت چڕکراونەتەوە و هیواشی خواست لایەنەکان لەماوەیەکی نزیکدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی و حکومەتێکی خزمەتگوزار لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە پێکبهێنرێت.
لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسیی عیراق کرا و لەو بارەیەشەوە، هەردوولا جەختیان لەسەر پشتیوانیکردنی هەنگاوەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا، کرد.
هەروەها قوباد تاڵەبانی بە پێویستی زانی لایەنەکان هاوکاری حکومەتی فیدراڵ بن بۆ تەواوکاری کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ و هەموو پۆستەکان پڕبکرێنەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامبوون لەسەر کارە هاوبەشەکانی نێوان کونسوڵخانەی بەریتانیا و نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران لەناویشیاندا پڕۆژەی گەشەپێدانی ناوچەیی، کردەوە.



