پەیامنێری کوردسات نیوز: مەزڵوم عەبدی کار بۆ ئاسایکردنەوەی رەوشی کۆبانێ دەکات
محەمەد رزگار
١٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە گرتووخانەی كۆبانێ نۆ كەس گیانیان لەدەستدا و 17 كەسی تریش برینداربوون و مەزڵوم عەبدیش گەیشتووەتە ئەو شارە.
موهەنەد ئیبراهیم، پەیامنێری کوردسات نیوز لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، مەزڵوم عەبدی راوێژكاری سەرۆكایەتی كۆماری سوریا بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون گەیشتووەتە كۆبانێ.
وتیشی، مەزڵوم عەبدی سەبارەت بە رەوشی شارەکە و هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ چیا کۆبانێ جێگری فەرماندەی فیرقەی 60 لە سوپای سوریا کۆبووەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەشی خستەڕوو، ئاسایشی گشتیی لە کۆبانێ کشایەوە و لە ئێستادا کاردەکرێت بۆ ئاسایکردنەوەی رەوشی شارەکە.
لەلایەکی ترەوە سیامەند عەفرینی، جێگری بەرێوەبەری گشتیی ئاسایشی حەسەکە، سەردانی کەسوکاری شەهید سیپانی کرد و رایگەیاند، شەهید 'سیپان حوزنی' شەهیدی ئاشتییە لە نێوان کورد و عەرەب.
هاوکات دامەزراوەی کەسوکاری شەهیدان لە کۆبانێ لەبارەی روداوەکەی شەوی رابردوو راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و داوا دەکات لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و شەفاف ئەنجامبدرێت بۆ ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لەو روداوە، هەروەها دوو رۆژ ماتەمینی گشتی لە شارەکە راگەیاند.



