ئەمریكا خشتەیەكی كاتی بۆ جوڵەی كەشتیوانی لە گەروی هورمز دادەنێت، بۆئەوەی بتوانێت گرەنتی پاراستنی كەشتییەكان بكات لەكاتی تێپەڕبوونیان بە گەروەكەدا.

رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ی بەریتانی ئاشكرایكردووە، دوابەدوای چڕبوونەوەی هێرشەكانی ئێران بۆسەر ئەو كەشتییانەی بە گەروی هورمزدا تێپەڕدەبن، ئەمریكا خشتەیەكی كاتی ئامادەكردووە بۆ جوڵەی كەشتیوانی لە گەروی هورمز، بۆئەوەی بتوانێت لەو كاتانەی دیاریكردووە گرەنتی پاراستنی كەشتییەكان بكات لە گەروی هورمزدا.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئەمریكا رۆژانە تەنها لە دوو كاتدا توانیویەتی گرەنتی پاراستنی كەشتییەكان لە گەروی هورمز بكات، یەكێك لەو كاتانەش سەعات 9ی بەیانییە.

ئەو رۆژنامە بەریتانییە ئاشكراشیكردووە، ئەمریكا هۆشداری داوەتە ئەو كەشتییانەی خوازیارن بە گەروی هورمزدا تێبپەڕن، تێپەڕین بە گەروی هورمزدا لە كاتەكانی درەنگانی شەودا بژاردەیەكی سەلامەت نییە.