سەباح نەعمان: هیچ مۆڵەتێکی دیاریکراو لەگەڵ گروپە چەکدارەکاندا نییە بۆ رێکخستنەوەی چەک
سەوسەن سەید
١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
لە راگەیەندراوێکی رەسمیدا لەلایەن فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراقەوە چەند بڕیار و ئاڕاستەیەکی نوێی ئاسایشی و سەربازی لە وڵاتدا ئاشکرا کرا، بە پلەی یەکەم دیاریکردنی وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق رایگەیاند: رۆژی 30ی ئەم مانگە (ئەیلوول) وادەی کۆتایی دەبێت بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و پرۆسەی "عەزمی پۆڵاین" لە عیراق.
ئاماژەی بەوەش کرد: رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان لە دوای ئەو رێکەوتەوە دەچێتە قۆناغی هاوکاری و تەواوکارییەوه.
سەبارەت بە رەوشی ئەمنی و کۆنترۆڵکردنی چەک، نەعمان جەختی کردەوە: داعش لە عیراق کۆتایی هاتووە وهیچ مەترسییەکی نەماوە.
وە راشیگەیاند: حکومەت بە هیچ شێوەیەک رێگە بە بوونی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت و هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ نادات، ئاماژەی بەوەش دا: پرۆسەی رێکخستنەوەی چەک بەپێی روانگەی حکومەت بەڕێوەدەچێت و هیچ مۆڵەتێکی دیاریکراو لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان نییە.
لە تەوەرێکی دیکەدا، وتەبێژی فەرماندەی گشتی ئاشکرای کرد: ئاستی هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم بەرزبووەتەوە و رۆتین تێپەڕێنراوە، بە شێوەیەک هەرێمی کوردستان داواکراوان راستەوخۆ رادەستی سەنتەری هەماهەنگی دەکات.
ئاماژەی بەوەش کرد: سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە پێشینەی کارەکانی فەرماندەی گشتییە و بەم زووانە بەرهەمی نوێ لە کۆریای باشور، تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دەگاتە دەست هێزەکان.


