وەفدێكی باڵای هەرێم لە بەغدادە و لەگەڵ وەفدێكی حكومەتی عیراق لەبارەی جێگیركردنی ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەدان.

وەفدەكەی حكومەتی هەرێم  پێكدێت لە وەزیرانی دارایی و ئابوری و سامانە سروشتییەكان و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و بریكاری وەزارەتی پلاندانان.

بریاریشە ئەمڕۆ وەفدەكە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق و دواتریش لەگەڵ  وەزارەتەكانی پلاندانان و نەوت كۆببێتەوە، بەئامانجی گەیشتن بە تێگەیشتن و رێككەوتنێكی هاوبەش و جێگیركردنی ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵی 2027دا.

بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردسات نیوز، فالح ساری وەزیری دارایی عیراق  بەڵێنیداوە، تەواوی كێشە و گرفتە داراییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەر بكات بەتایبەتیش دۆسێی ئەسیكۆدا.

هاوكات، بڕیارە سبەینێ كۆبوونەوەی لیژنەی ستراتیجی نووسینەوەی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027 بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت.