لە رزگاری بەهۆی روداوی تەقەکردنەوە کەسێک کوژرا و خوشکێکیشی بریندار بوو، کەمێک پێش ئێستاش تەقەکەرە خۆی رادەستی پۆلیس کرد.

شاخەوان محەمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز لە گەرمیان رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا لە گەڕەکی ئاوباریکی قەزای رزگاری، روداوێکی تەقەکردن رویدا و لە ئەنجامدا گەنجێک گیانی لەدەستدا و خوشکەکەشی بریندار بوو.

رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار رایگەیاند، ئەو دوو کەسەی تەقەیان لێکراوە خوشک و بران و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گەنجێک گیانی لەدەستداوە، هەروەها خوشکەکەشی بریندارە و لە ئێستادا لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە و چارەسەری پێویستی بۆ دەکرێت.

لای خۆشییەوە، سۆران حەمەغەریب وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو کەسەی تۆمەتبار بو بە کوشتنی پیاوێک و بریندارکردنی ژنێک کەمێک پێش ئێستا خۆی رادەستی بنکەی پۆلیسی قەزای رزگاریی کرد.