سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداریی شۆفێران و هاوڵاتییانی سلێمانی دەکات، بە مەبەستی خێرا کارکردن لە یەکتربڕی شەوکەت حاجی موشیر، سایدی رۆیشتن لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود بە ئاڕاستەی چوارڕیانی سەرچنار دادەخرێت.

شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردوە، داخستنەکە کاتییە و بە هەماهەنگییە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی و لە دوو کاتی جیاوازدا دەبێت.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی شارەوانی، لە سەعات 10ـی بەیانی تا 1ـی دوانیوەرۆ و دواتریش لە سەعات 12ـی شەو تا 6ـی بەیانی ئەو شەقامە دادەخرێت.

داواش لە هاوڵاتییان و شۆفێران هاوکاری و هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ تیمەکانی شارەوانی بکەن و لەو کاتانەدا تا دەتوانن لە بەکارهێنانی ئەو شەقامە خۆبپارێزن، شەقامی جێگرەوە بەکاربهێنن.