ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەدواداچوون بۆ کەموکورتییەکانی کەرتی تەندروستی دەکات، لەو چوارچێوەیەدا لیژنەیەکی 10 کەسی پێکهێنراوە و داواش کراوە وەزیری تەندروستیی حکومەتی فیدراڵ میوانداری بکرێت.

پۆڵا شەهید سیروان دێڕەشەیی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند؛ لە کۆبوونەوەکانی وەرزی یەکەمی ساڵی دووەمی یاساداناندا، پرسی کەموکورتییەکانی کەرتی تەندروستی تەوەرێکی سەرەکی بووە، بەتایبەت جیاوازیی نرخی دەرمان، خراپیی دۆخی هەندێک لە نەخۆشخانەکان و نۆرینگەکانی وڵات.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ بەدواداچوونی زیاتر، لیژنەیەکی 10 کەسی لە ئەندامانی لیژنەکانی 'تەندروستی، دەستپاکی، خزمەتگوزاری و یاسایی' پێکهێنراوە، پێویستە لیژنەکە لە ماوەی 15 رۆژدا راپۆرت و ئەنجامی بەدواداچوونەکانیان پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران بکەن.