بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغی هاتووچۆی سلێمانی دەوامی ئێوارانی لە بەشی مۆڵەت دەستپێكرد
٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغی لەسەر راییكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی بڕیاریدا دەوامی ئێواران بۆ بەشی مۆڵەت بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.
بەپێی ئاگادارییەكی هاتووچۆی سلێمانی، وەك هەنگاوێكی ئەزموونی و بۆ چارەسەركردنی قەرەباڵغیی بەشی مۆڵەت، دەوامی ئێواران كارا دەكرێت لە دەستپێكی پرۆسەكەشدا تەنها بۆ رۆژانی دووشەممە و سێشەممە، حەوت و هەشتی ئەیلول، هاووڵاتیان دەتوانن لە رێگەی كۆدی ئەلیكترۆنییەوە دەوامی ئێواران هەڵبژێرن و سەعات یەك و 30 خولەکی پاشنیوەڕۆ لە بەڕێوەبەرایەتییەكە ئامادە بن.
وەرگرتنی كۆدی نۆرەگرتن بەهەمان شێوە لە رۆژانی شەممە سەعات حەوتی ئێوارە دەبێت و داواكار خۆی دیاریدەكات بەیانیان سەردانی بەشی مۆڵەت دەكات یان ئێواران، هەروەها دەوامی بەیانیان وەك پێشتر لە یەكشەممەوە تا پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.



