ئەوقافی هەرێم، بە مەبەستی دەستنیشانکردنیان وەک رێبەری حاجیان، تاقیکردنەوەی وزاری بۆ 465 مامۆستای ئاینی ئەنجامدا، تاقیکردنەوەکە بۆ بەشداریکردنە لە دوو وەرزی حەج و هەر وەرزە و 31 رێبەر لە خۆدەگرێت.

ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی تاقیکردنەوەی وەزاری لە یەک کاتی دیاریکراودا بۆ 465 مامۆستای ئایینی ئەنجامدا بە مەبەستی دەستنیشانکردنیان وەک رێبەری حاجیان بۆ وەرزی فەریزەی حەجی ساڵی 2027.

کاروان ستونی، وتەبێژی  بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێم بە میدیاکانی راگەیاند،ئامانج لەم تاقیکردنەوەیە دەستنیشانکردنی شایستەترین مامۆستایانە تاوەکو بچنە ناو تیروپشکێکەوە بۆ هەڵبژاردنیان بۆ دوو وەرزی فەریزەی حەج، کە لە هەر وەرزێکدا 31 رێبەر لەخۆدەگرێت.

ناوبارو رونیشیکردەوە پرۆسەکە لە رێگەی سێ بنکەی سەرەکییەوە بەڕێوەچووە؛ بنکەی هەولێر بۆ پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران، بنکەی سلێمانی بۆ پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان، وە بنکەی دهۆک بۆ پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.

سەبارەت بە مەرجەکانی بەشداربوون، وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێم ئاماژەیبەوەکردوە،  چەند پێوەرێکی سەرەکیان بۆ داواکاران دیاری کردووە؛ لەوانە بەشداربوو پێویستە پێشنوێژ و وتارخوێن یان یەکێک لەوان بێت، کارمەندی سەر میلاکی رەسمی وەزارەتی ئەوقاف بێت، و پێویستە و تەمەنیشی لە نێوان 30 بۆ 60 ساڵدا بێت.