لەسەر گیان لە دەستدانی کچە 21 ساڵەکە، لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
بڵند
٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان راگەیەندراوێکی لەسەر روداوی گیان لە دەستدانی نەخۆشەکەی هەولێر لە ژوری نەشتەرگەریدا بڵاوکردەوە، داواش دەکات میدیاکان روداوەکان وەک خۆی و پرۆفیشناڵانە بگوازنەوە.
لە راگەیەنداوەکەدا هاتووە؛ ئەو پزیشکەی بەرپرسبوە لە نەخۆشخەکە، هەڵگری بەرزترین بڕوانامەی بواری پسپۆڕی بووەو ڕێپێدان و مامەڵەی دروستی هەبووە لە سەندیکای پزیشکان.
ئاماژەی بەوەشکردوە، پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت لەوەی کە هۆڵەکانی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی رەسولی تایبەت داخراو بوون و بەشی چاودێری چڕ (ICU) لە ژێر نۆژەنکردنەوە بووە، چۆن نەشتەرگەری تێدا کراوە.
داواشدەکات، ئاشکرا بکرێت، بە چ مۆڵەت و بنەمایەکی یاسایی و پزیشکی و لەژێر چ مەرج و پێوەرێکدا، رێگە بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری دراوە
دەقی راگەیەندراوەکەی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان
سەرەتا هاوخەمی و دڵنەوایی خۆمان ڕادەگەینین بۆ خانەوادەی کۆچکردوو، هاوکات بەگوێرەی یاساو ڕێنماییە بەرکارەکان بەرپرسین لە پاڵپشتی و پشتگیری بەرگریکردن لە گشت پزیشکانی ئەندام لە سەندیکامان دوای پابەندبوونیان بە ڕێکار و ڕێنماییەکان.
١/ بە گوێرەی یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٠ سەندیکای پزیشکان لایەنی فەرمی و پیشەییە بۆ ڕێکخستنی کاروباری کارکردنی پزیشک و پێدانی مۆڵەتی کارکردن وەکو پزیشکی پسپۆڕ لە کەرتی تایبەت. ئەو پزیشکە بەڕێزەی بەرپرسیار بووە لە نەخۆشەکە هەڵگری بەرزترین بڕوانامەی بواری پسپۆڕی بووەو ڕێپێدان و مامەڵەی دروستی هەبووە لە سەندیکای پزیشکان.
٢/ لەماوەی ڕابردوو ڕێنماییەک لە لایەن حکومەتەوە دەرچووە کە پێویستە هەر پزیشکێک تەنها لە یەک نەخۆشخانەی کەرتی تایبەت کار بکات، سەرەڕای ئەوەی ڕێکخستنی کاری پزیشکان لە کەرتی تایبەت کاری سەندیکای پزیشکانە، بە ڕوونی ڕای دەگەیەنین ئەو جۆرە ڕێنماییە خزمەت بە نەخۆش و کەرتی تەندروستی ناکات، چونکە هەندی جار نەخۆش جۆرێک لە ئامێر یان خزمەتگوزاری دەوێ لە نەخۆشخانەیەکی تر بەردەستە، بۆیە داوادەکەین دووبارە کار لەسەر ئەم خالە بکرێ چارەسەری گونجاوی بۆ بکرێ.
٣/ سەندیکای پزیشکانی کوردستان لە ڕێگەی لێژنەی پشکنین و بەدواداچوون لە ڕێگەی چەندین تیمی تایبەتمەندەوە ڕۆژانە بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ بەرجەستەکردنی کاری پزیشکی بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان.
٤/هەروەها پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت لەوەی کە لە کاتی ڕووداوەکەدا، هۆڵەکانی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی ڕەسولی تایبەت داخراو بوون و بەشی چاودێری چڕ (ICU) لە ژێر نۆژەنکردنەوە بووە. لەبەر ئەمە پێویستە دیاری بکرێت بە چ مۆڵەت و بنەمایەکی یاسایی و پزیشکی، و لەژێر چ مەرج و پێوەرێکدا، ڕێگە بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری دراوە و ئایا لەو کاتەدا هەموو پێداویستییەکانی سەلامەتی نەخۆش، هۆڵی نەشتەرگەری و چاودێری دوای نەشتەرگەری بەردەست و دابینکراو بوون یان نا؟چونکە سەلامەتی نەخۆش لە پێشینەی کارەکانی سەندیکای پزیشکانە.
٥/لە ڕووی زانستی پزیشکی نەشتەرگەری زۆر جار لەکاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بەجۆری هەناوبینی، بەهۆی باری نەخۆش ناچار دەبی جۆری نەشتەرگەری بگۆڕی بۆ کراوە.
٦/پێویستە لە ڕێگەی لێژنەو تیمی پسپۆڕی گشتگیرەوە بە بەشداری دادگاو پزیشکی دادی لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ڕوداوەکە بکرێ، لە کۆتایی دا بڕیاری پێویست بدرێ.
۷/بەڕوونی ڕایدەگەیەنین بەشێک لە میدیاکان بەشێوەیەکی زۆر نا پڕۆفیشناڵ بوون بە جێگرەوی لێژنەی زانستی و دادگاو پزیشکی دادی، وەکو سەندیکای پزیشکان ڕایدەگەینین ئەوەی بەشێک لە میدیاکان و فەرمانبەرەکانیان کردیان تێپەڕاندنی سنور و ئاکاری میدیایی بووە، مەترسی گەورەن بۆ سەر کەرتی تەندروستی کە بەشێکە لە ئەمنی قەومی.
۸/داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین هەوڵدەن بەرچاوڕوونی تەواو وەرگرن پێش ئەنجامدانی هەر نەشتەرگەریەک، چونکە بەپێی ڕێکار و پێوەرە زانستیە نێودەوڵەتیەکان هەموو نەشتەرگەرییەک ئەگەری ماک و لێککەوتەی سادەو ئاڵۆزی هەیە دەکەوێتە سەر جۆری نەخۆشیەکە.
لە کۆتایی دا، داوا دەکەین لە پزیشکی دادی و دادگای تایبەتمەند چ ڕێکاو هەنگاوێکی زانستی و یاسایی هەیە بەگوێرەی یاسا بیگرنەبەر بۆ لێکۆڵینەوە لەم ڕوداوە.
لەگەڵ ڕێزدا
سەندیکای پزیشکانی کوردستان


