بە گومانی دزەپێکردنی زانیاری نهێنی لەسەر کەمبونەوەی چەکی ئەمریکا بۆ رۆژنامەنوسان، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، 50 لێپرسراو و سەربازی خستوەتە ژێر تاقیکردنەوەی راستگۆییەوە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردەوە، لێکۆڵەرانی حکومەتی ئەمریکا نزیکەی 50 ئەندامی ئەرکانی هاوبەشی هێزەکانی سوپای وڵاتەکەیان خستوەتە ژێر تاقیکردنەوەی ئامێری راستگۆییەوە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە،  ئەم رێکارە بەهۆی لێکۆڵینەوە بووە لە دزەپێکردنی زانیاریی نهێنی بۆ رۆژنامەنوسان، کە بەشێکیان پەیوەندیدار بوون بە کەمبوونەوەی کۆگاکانی تەقەمەنیی ستراتیژی ئەمریکا لە میانی جەنگی ئێراندا.

بە گوێرەی زانیارییەکان، لە تاقیکردنەوەی راستگۆییەکەدا، پەرسیار لە ئەفسەرانی سەربازی و کارمەندانی مەدەنی کراوە کە ئایا زانیاریی نهێنییان، بەتایبەتی لەبارەی دابەزینی ئاستی موشەکی دورمەودا و موشەکەکانی سیستمی پاتریۆت، دراوە بە دەزگاکانی راگەیاندن یان نا.

ئەم پشکنینە بەرفراوانانە لە مانگی ئابدا و دوای بڵاوبوونەوەی زنجیرەیەک راپۆرت لەسەر کەمبونەوەی چەکی ستراتیژیی ئەمریکا ئەنجامدراون.

بەپێی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، ئەنجامدانی پرۆسەیەکی تاقیکردنەوەی ئامێری راستگۆیی لەم ئاستەدا و لەنێوان لێپرسراوانی باڵای سەربازییدا روداوێکی بێپێشینە بووە لە مێژووی پێنتاگۆندا.