بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی پیر حسێن مەرعان بڵاوکردەوە
ساکۆ سمکۆ
٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی پیر حسێن مەرعان کەسایەتیی دیاری ئێزدییەکان بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: پیر حسێن دۆستی دێرینی سەرۆک مام جەلال و یەکێک بوو لە هەڤاڵە دڵسۆزەکانی یەکێتی.
دەقی پەیامەکە:
لە دڵەوە نیگەران و غەمباربووین بە کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرین و کەسایەتیی دیاری کۆمەڵایەتیی ئێزدییەکان بەڕێز پیر حسێن مەرعان.
بۆ ئەم خەمە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵە سەربەرزەکەیان دەکەین کە نموونەیەکی باڵان لە خەبات و تێکۆشانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردایەتی.
بەڕێز پیر حسێن مەرعان، دۆستی دێرینی سەرۆک مام جەلال، یەکێک بوو لە هەڤاڵە دڵسۆزەکانی یەکێتی کە لە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیدا هەمیشە وەفادار بوو.
یاد و ناوی هەڤاڵی کۆچکردوومان هەمیشە بە بەرزی بمێنێتەوە و خوا سەبووری بە هەموولایەک ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان



