وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە داخستنی نەخۆشخانەی رەسولی نوێ بەهۆی گیانلەدەستدانی كەسێك لە كاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەریدا و دۆسێی نەخۆشخانەكەشی رەوانەی دادگا كرد.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان لە فەرمانێكی وزاریدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای گیانلەدەستدانی 'سارا تەحسین' لە نەخۆشخانەی رەسولی نوێی تایبەت بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە كراوە و دەركەوتووە، پزیشكی نەشتەرگەر هیچ رێگەپێدانی كاركردنی نییە لەو نەخۆشخانەیە.

باس لەوەش دەكات، نەشتەرگەری بەبێ بوونی یەكەی فریاكەوتن و هۆڵی چاودێری چڕ ئەنجامدراوە و لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ فەرمانی داخستنی هۆڵی نەشتەرگەری نەخۆشخانەكە دراوە و پابەندی بڕیاری وەزارەت نەبووە.

وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا بە داخستنی نەخۆشخانەكە و رەوانەكردنی ستافی نەخۆشخانە و پزیشكانی نەشتەرگەری و سڕكردن و یاریدەدەرانیان و كارمەندانی بەشداربوو لە نەشتەرگەرییەكە بۆ دادگا.