خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئامادەی رێوڕەسمی تۆمارکردنی ریکۆردی جیهانیی زانکۆی سلێمانی بوو
٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئامادەی رێورەسمی بەدەستهێنانی خەڵاتێکی شکۆمەندانەی جیهانی بوو لەلایەن زانکۆی سلێمانییەوە.
لەمیانی رێورەسمێکی شایستەدا لەهۆڵی کۆنگرێس و لەنێو ئاپۆڕای دڵسۆزانی سلێمانی و ئەکادیمیستانەوە بەپۆشینی جلی کوردی و بە چەپڵەڕێزان، بڕوانامەی گینس بۆ ریکۆردە جیهانییەکان بەخشرایە زانکۆی سلێمانی لەپای هەوڵێکی ژینگەیی کەخۆی بینییەوە لە نوسینی ناوی زانکۆکە بەشەش هەزار درەختی مۆرد.
ریکۆردە نوێیەکە ناوی سلێمانی و زانکۆی دایکی لەجیهاندا بەرز کردەوە و بەرەسمیی بووە خاوەنی گەورەترین رستەی بە درەخت چێندراو لەسەر ئاستی جیهان.
ئەم بڕوانامە جیهانییە دەستکەوتێکی گرنگە کەپێگەی زانکۆی سلێمانی لەبواری پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا زیاتر دەناسێنێت هاوتای بەرەوپێشچونەکانی زانکۆکە وەک هەڵگری مەشخەڵی زانست و داهێنان.
هەر لەمیانی رێورەسمەکەدا د.ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەدەستهێنانی ریکۆردەکەی گینسی بە دەستکەوتێک وەسفکرد کە رۆحی سەرۆک مام جەلال و شەهیدانی کوردستان ئاسوودەتر دەکات.



