بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆل ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە نهێنی سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەگەری راگەیاندنی کۆتاییهێنانی جەنگە لەگەڵ ئێران.

رۆژنامەی "وۆل ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ لێپرسراوە باڵاکانی ئیدارەکەیدا بە نهێنی سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەگەری راگەیاندنی کۆتاییهێنانی جەنگە لەگەڵ ئێران، لە هەمان کاتدا سەربازانی وڵاتەکەی ئامادەکاری بۆ مانەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ساڵی 2027 دەکەن.

رۆژنامەکە لە زاری لێپرسراوانی ئەمریکاوە بڵاویکردوەتەوە، لە ئێستادا ترەمپ بەرەو بژارەی راگەیاندنی کۆتاییهێنانی جەنگەکە دەڕوات، بەو پێیەی پێیوایە زیاتربوونی فشارە ئابورییەکان سەرئەنجام تاران ناچار دەکات بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەڵبوەشێنێتەوە یانیش رووبەڕووی مەترسیی داڕمان بێتەوە.

لەلایەکی ترەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ"، ترەمپ رایگەیاندووە، "رەوشی ئێستامان زۆر بە دڵە؛ کۆنترۆڵی نزیکەی تەواوەتیمان بەسەر گەروی هورمزدا هەیە و ئابوریی ئەوانیش بە تەواوی داڕماوە، ئەوان تەنها بەرەنگاری شتێک دەبنەوە کە لێی دەرباز نابێت. کەی گەلی ئێران رادەپەڕێت و دەکەوێتە جەنگەکەوە؟"

لە رووی سەربازییەوە، پێچەوانەی ئاراستەی لێدوانە سیاسییەکان، پێت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا بڕیاریداوە ماوەی جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ساڵی 2027 درێژ بکاتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری بەردەوامبوونی ململانێکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.

رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، لە دەستپێکی هێرشەکانی ئەمریکا دژی ئێران، وەزیری جەنگی ئەمریکا بەڵێنی لێدانێکی خێرا و یەکلاکەرەوەی دابوو بۆ رێگری لە درێژەکێشانی جەنگ، بەڵام لە ئێستادا بە بێدەنگی ماوەی مانەوەی هێزەکان درێژ دەکاتەوە وەک بەشێک لە ستراتیژییەکی سەربازیی کراوە بۆ رەخساندنی بژارەی جیاواز لە بەردەست ترەمپدا.

لە ئێستادا ئەمریکا هێزێک کە پێکهاتووە لە 50 هەزار سەرباز، 19 کەشتیی جەنگی، یەکەکانی بەرگریی ئاسمانی، فڕۆکەی جەنگی لە ناوچەکەدا جێگیر کردووە، ئەرکی سەرەکیی ئەم هێزانە بریتییە لە رێگری لە موشەکەکانی ئێران، پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هورمز، و سەپاندنی گەمارۆ بەسەر بەندەر و ناوچە کەناراوییەکانی ئێراندا، هاوکات لە ئامادەباشیدان بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوانتر ئەگەر ترەمپ بڕیاری ئاڵۆزکردنی جەنگەکە بدات.

مانگی رابردووش، ترەمپ لەلایەن یاریدەدەرە باڵاکانییەوە زانیاری لەسەر بژارەی سەربازیی نوێ پێدرا، لەوانە چڕکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکان، رەوانەکردنی هێزی وشکانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگە ئێرانییەکانی نزیک گەروی هورمز، و بۆردومانکردنی بنکەی ئەتۆمیی کێوی تەور.