زانكۆی سلێمانی بەهۆی دروستكردنی گەورەترین رستەی بە درەخت چێنراو ناوی دەچێتە كتێبی گینسەوە بۆ ژمارە پێوانەییەكان.

ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكی شایستەدا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی كتێبی پێوانەیی گینس، ناوی زانكۆی سلێمانی دەچێتە ئەو كتێبەوە بەهۆی دروستكردنی گەورەترین رستەی بە درەخت چێنراو كە بریتییە لە 'یونیڤێرستی ئۆف سلێمانی' و لە دروستكردنی ئەو رستەیەشدا شەش هەزار نەمامی جۆری مۆرد بەكارهاتووە، بەهۆی ئەوەشەوە ناوی زانكۆكە لە كتێبی پێوانەیی گینس تۆمار دەكرێت.

پرۆژەی نووسینی گەورەترین رستەی بە درەخت چێنراو، لە رووی ژینگە و سەوزاییەوە رۆڵێكی گەورەی هەیە و سیمای سلێمانیش جوانتر دەكات، لەهەمانكاتدا شانازییەكی گەورەیە بۆ زانكۆی سلێمانی كە لەگەڵ پێشڕەوییە زانستییەكانی، لە بواری ژینگەشدا دەستكەوتی مەزن تۆمار دەكات.