کاروان یاروەیس: وەفدێکی ناوچە دابڕێندراوەکان بۆ خستنەڕوی کێشەکانیان لە بەغدادن
بڵند
١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
کاروان یاروەیس، لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکانیان وەفدێکی ناوچە دابڕێنراوەکان بۆ خستنەڕوی کێشەکانیان لە بەغدان و لەگەڵ لێپرسراواندا کۆدەبنەوە.
کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوەکردوە، ئەمڕۆ وەفدێکی هاوبەشی پێکهاتە جیاوازەکانی خانەقین و ناوچە دابڕێندراوەکان بۆ چارەسەری گرفتەکان لە بەغدادن و لەگەڵ نزار ئامێدیی سەرۆک کۆماری عیراق، هادی عامریی سەرۆکی لیژنەی باڵای مادەی 140 و خالید شوانی، وەزیری داد کۆدەبنەوە.
بڕیارە لە کۆبونەوەکەدا، وەفدەکە لە رێگەی یاداشتێکی 12 خاڵییەوە داواکاری و کێشە سەرەکییەکانی دەڤەری خانەقین و سنورەکە بخەنە ڕوو.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەهۆی کەمیی خزمەتگوزارییەکان و ناڕەزایەتی بەرانبەر پرۆسەی دەستکاریکردنی دیموگرافیای ناوچەکە، هاووڵاتییان ویستیان خۆپیشاندان بکەن، بەڵام دەسەڵاتی خۆجێیی پارێزگای دیالە رێگری لێکردن و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 41 چالاکوانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسی شارەکە دەرکرد.
دانیشتوانی ناوچەکە جەخت دەکەنەوە ،کە خانەقین شاری پێکەوەژیانە، بەڵام بڕیارە شۆڤێنییەکان بوونەتە هۆی دروستبوونی هەستی ستەم و چەوسانەوە لەلایەن پێکهاتەی کوردی ئەو ناوچەیەوە.



