ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، بەهۆی روداوێکی سەختی هاتوچۆوە لە ناحیەی بالیسان، منداڵێکی تەمەن شەش ساڵان گیانی لەدەستدا.

منداڵەکە ناوی 'گەیلان کامەران باپیر'ـە و دانیشتووی گەڕەکی شەهیدانە لە سەنتەری ناحیەی بالیسان، کە لە دەوروبەری سەعات 18:00ی ئێوارەی ئەمڕۆدا تووشی روداوەکە بووە.

لەبارەی وردەکاریی روداوەکەوە، فەرهان شێخ وەسانی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی بالیسان بە کوردسات نیوزی راگەیاند: "دوای ئەوەی تەرمی منداڵەکە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەکەمان، دەستبەجێ لەلایەن پزیشک و کارمەندانەوە رێکاری خێرای پزیشکیی بۆ گیراوەتەبەر، بەڵام بەپێی راپۆرتی پزیشکی، دەرکەوتووە کە ناوبراو بەر لە گەیاندنی بە نەخۆشخانە و هەر لە ساتەوەختی روداوەکەدا بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە."

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی بالیسان ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا بەمەبەستی پشکنینی زیاتر و دڵنیابوونەوە لە چۆنیەتیی روداوەکە، تەرمی قوربانییەکە لەلایەن تیمی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەیانەوە گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادی هەولێر.