کەشناسیی هەرێم دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما بۆ ئەمڕۆ رادەگەیەنێت و ئاماژە بەوە دەکات کە پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ نزیکەی شەش پلەی سیلیزی دادەبەزن.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم کەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتووی راگەیاند؛ بەپێی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارەکانی دوێنێ بە رێژەی چوار بۆ شەش پلەی سیلیزی بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.

ئاماژەی بەوەشکرد، کەشی ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەر دەبێت، هاوكات مەودای بینین لە نێوان (8 – 10) کیلومەتردا دەبێت.

کەشناسیی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، ، سبەینێ سێشەممە، ئاسمان بە ساماڵی دەمێنێتەوە و پلەکانی گەرما بە رێژەی یەک بۆ دوو پلەی سیلیزی بەرانبەر بە تۆمارەکانی ئەمڕۆ ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەنەوە.