وەزیرى پەروەردە: لە سبەینێوە مامۆستایان پەیوەندى بە ناوەندەکانى خوێندنەوە دەکەن
٣١ی ئابی ٢٠٢٦
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت؛ لە سبەینێوە مامۆستایان پەیوەندی بە ناوەندەکانی خوێندنەوە دەکەن و پڕۆسەیەکی راهێنانیش دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئامادەکارییەکانی وەزارەتەکەی بۆ ساڵی نوێی خوێندن خستەڕوو و رایگەیاند: لە مانگی شەشەوە کار بۆ پرۆسەکە کراوە، لەوانەش چاپکردنی نزیکەی 20 ملیۆن کتێبی نوێ کە بڕیارە تا 10ـی 9 رێژەی 99%یان بگەنە هەرێم.
وتیشی، رەحلەی پۆلەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوەکان چاکراوەتەوە، هەروەها ئەنجامدانی ریفۆرم لە خوێندن و خوێندنی پیشەییدا و ئاڕاستەکردنی نووسراو بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ خوێندنگاکان، لەپاڵ دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکان بۆ ئەو باڵاخانە و خوێندنگە نوێیانەی کە ئەمساڵ دەکرێنەوە.
وەزیری پەروەردە راشیگەیاند، لە سبەینێوە مامۆستایان پەیوەندی بە ناوەندەکانی خوێندنەوە دەکەن، هەروەها پرۆسەیەکی راهێنان دەستپێدەکات بۆ ماوەی 19 رۆژ، کە هەر مامۆستایەک 5بۆ6 رۆژ لەناو ناوەندەکانی خوێندندا راهێنان دەکات.



