دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیركردنی باندێكی ساختەكردنی شوێنەواری لە سلێمانی راگەیاند، كە سەرقاڵی دروستكردنی سكەیی مێژوویی و كەلوپەلی شوێنەواری بوون.

دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەڕێوەبەرایەتی لێكۆڵینەوەی دەزگای ئاسایش بەهەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، لە رۆژی سێی ئەم مانگە لە سنووری سلێمانی باندێكی پێنج كەسی ساختەكردنی سكەی مێژوویی و شوێنەواریان دەستگیركرد.

ئاماژەی بەوەشكردووە، باندە دەستگیركراوە سەرقاڵی دروستكردنی سكەی مێژوویی و كەلوپەلی شوێنەواربوون بۆ ساختەكردن و ساغكردنەوەی لەناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان.

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەشڵێت، لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی 24 لەیاسای شوێنەوار راگیراون و لێكۆڵینەوە لە دۆسێكانیان بەردەوامە.