بەهۆی نەبونی زەویەوە؛ فەرمانبەرانی سنوری قەرەداغ لە عەربەت، شارەزور و دەربەندیخان زەویان پێدەدرێت
بڵند
٣٠ی ئابی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی بڵاویکردەوە، بەهۆی نەبونی زەوی لە سنوری قەزای قەرەداغ، فەرمانبەرانی ئەو سنورە، لە شارەوانییەکانی عەربەت، شارەزور و دەربەندیخان زەویان پێدەدرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، لەسەر داوای سەرۆکی شارەوانیی قەرەداغ، لیژنەی گواستنەوەی زەوی سەردانی شارەوانیی قەرەداغیان کردووە و دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی پێشنیازەکان، بڕیاردراوە فەرمانی وەرگرتنی زەویی فەرمانبەران و خانەنشینان لە سنوری ئەو قەزایە گواستنەوەیان بۆ بکرێت.
ئاماژەبەوەشکراوە، پڕۆسەی گواستنەوەکە بەهۆی نەبونی زەویی پێویست لە بەردەستی شارەوانیی قەرەداغدا دێت.
بەپێی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەشیان، زەوییەکان دەگواسترێنەوە بۆ یەکێک لە شارەوانییەکانی عەربەت، شارەزور، یان دەربەندیخان، ئەویش لەسەر بنەمای بەردەستبونی زەوی لە سنوری کارگێڕیی ئەو شارەوانییانەدا.



