مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ تاوانی 31ـی ئاب پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛ خیانەتی گەورەی 31ـی ئاب بووە هۆی قوڵبونەوەی ناکۆکییەکانی کورد و شەهید بوونی ژمارەیەکی زۆری رۆڵەی گەلەکەمان.

لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لە بیرەوەری ئەم کارەساتە نەتەوەییەدا، وێڕای خەم و پەژارەی قووڵی نیشتمانی، یەکێتی جەختدەکاتەوە لەسەر چارەسەری یەکجارەکی ناکۆکییە ناوخۆییەکان، کە بوونە هۆی بژاردەی خراپی پەنابردن بۆ هێزی نەیاران.

 

پەیامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ یادی خیانەتی 31ی ئاب

 

ئەمڕۆ سێ دەیە بەسەر کارەساتی ٣١ی ئاب تێپەڕ دەبێت، کاتێک شاری هەولێری پایتەختی کوردستان لە لایەن سوپای ڕژێمی بەعسەوە، بۆ پشتیوانی پارتی دیموکراتی کوردستان و دوای شەش ساڵ لە راپەڕین و ئازادی، داگیر کرایەوە.

بەداخەوە ئەو خیانەتە گەورەیە بووە مایەی قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی کورد و شەهید بوونی ژمارەیەکی زۆری رۆڵەکانی گەلەکەمان لە پێشمەرگە و فەرماندە و کادرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و بێسەروشوێنکردنی ژمارەیەکی زۆری تێکۆشەرانی یەکێتی کە تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە لە پێناو بەرپرسیارێتییە نیشتمانی و نەتەوەیەکانی و لە چوارچێوەی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال کە رایسپاردووین لەبەر خاتری گەلەکەمان و ئایندەی کوردستان لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە، ناسۆرەکانی رابردووی بە هەڵسەنگاندنی مێژوو و حوکمە عادیلانەکەی سپارد، کە ئەمەش دەورانێکی ئاوەدانی و سەقامگیری و پێکەوەیی بەدوای خۆیدا هێنا.

لە بیرەوەری ئەم کارەساتە نەتەوەییەدا، وێڕای خەم و پەژارەی قووڵی نیشتمانی، یەکێتی تەئکید دەکاتەوە لەسەر چارەسەری یەکجارەکی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کە بوونە هۆی بژاردەی خراپی پەنابردن بۆ هێزی نەیاران.

ئەمرۆش لەپێناو ڕاستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانیدا، کوردستان پێویستی بە پێکهێنانی حکومەتێکی هاوسەنگ و بەرپرسیار هەیە کە بە یەکڕیزی و شەراکەت و خزمەتی دادپەروەرانە، قەرەبووی ناخۆشییەکانی رابردوو بکاتەوە، تاوەکو هەرێمێکی پتەو و سەقامگیر دەرەقەتی ئەرک و ئەگەرەکانی داهاتووی عیراق و ناوچەکە بێت.

درود بۆ شکۆی شەهیدانی بەرگری لە پایتەختی کوردستان و گشت شەهیدانی رێگای رزگاری.

 

 

مەکتەبی سیاسی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

خیانەتی گەورەی 31ـی ئاب بووە هۆی قوڵبونەوەی ناکۆکییەکانی کورد و شەهید بوونی ژمارەیەکی زۆری رۆڵەی گەلەکەمان