دەستەی پڕۆژەی "هەژماری من" نوێترین زانیارییەکانی دەربارەی پرۆسەی چاپکردن و دابەشکردنی کارتە بانکییەکانی تایبەت بە موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و داوا لە فەرمانبەران دەکات ئاگاداری پەیامە کورتەکانی مۆبایلەکانیان بن.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی پڕۆژەکە، پرۆسەی دابەشکردنی کارتەکان گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و رێکارەکان بە شێوەیەک بەڕێوەدەچن کە:لە ئێستادا زیاتر لە 60 هەزار کارتی بانکی لە بانکە گشتییەکاندا ئامادەن و خاوەنەکانیان دەتوانن سەردانیان بکەن بۆ وەرگرتنەوەیان.

ئاماژەی بەوەش کرد: لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا نزیکەی 30 هەزار کارتی تر رەوانەی بانکە گشتییەکان دەکرێن و ئامادەی وەرگرتنەوە دەبن.

پڕۆژەی هەژماری من جەختیشی کردەوە: هانی تەواوی مووچەخۆران دەدەین کە بەردەوام ئاگاداری مۆبایلەکانیان بن، چونکە وەرگرتنەوەی کارتەکان راستەوخۆ لە رێگەی کورتەنامەوە بە فەرمانبەران رادەگەیەنرێت بۆ ئەوەی سەردانی بانکەکان بکەن.

وتیشی: لە ئێستادا تەنها 50 هەزار کارت لە ژێر چاپکردندا ماونەتەوە، بڕیاریشە تا هەفتەی داهاتوو چاپکردنیان تەواو بێت و بۆ وەرگرتنەوە ئامادە ببن.