مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، یەدەگی دراوی بیانیی وڵات هیچ مەترسیەکی لەسەر نییە، ئاماژەی بەوەشکردوە بەپێی خەمڵاندنەکانی سندوقی نێودەوڵەتیی دراویش بۆ ساڵی 2026، کۆی یەدەگی عیراق گەیشتوەتە نزیکەی 79.2 ملیار دۆلار.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو بڕە دراوە بیانییە بەشی دابینکردنی هاوردەکردنی کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکانی زیاتر لە نۆ مانگ دەکات.

ناوبراو رونیشی کردوەتەوە، بەپێی پێوەرەژمێرییەکان، دابینکردنی زیاتر لە شەش مانگی هاوردەکردن بە ئاستێکی ئارام دادەنرێت، بەڵام دابەزینی تۆمارکراوی ئەمساڵ پێویستی بە وشیاری و بەدواداچوونی زیاتر هەیە تاوەکو ئاستی دڵنیایی لە دەست نەدرێت.

مەزهەر محەمەد ساڵح ئاماژەی بەوەش کرد، یەدەگی دراوی بیانی رۆڵێکی سەرەکی لە پاراستنی سەقامگیریی نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عیراقیدا دەگێڕێت و وەک هێڵی یەکەمی بەرگریی دەستنیشان دەکرێت، چونکە بانکی ناوەندیی لە رێگەی دابینکردنی دۆلار و پڕکردنەوەی داواکارییە یاساییەکانەوە ڕێگە لە فشارەکان دەگرێت.