فۆكس نیوز: ئەمریكا تەیف سامی وەزیری پێشووی دارایی عیراقی خستە لیستی تیرۆرەوە
٢٨ی ئابی ٢٠٢٦
وەزیری پێشووی دارایی عیراق خرایە لیستی چاودێریی تیرۆریستی ئەمریكا و ڤیزای ئەو وڵاتەشی لێسەندرایەوە.
تۆڕی هەواڵی فۆكس نیوزی ئەمریكی لە زاری لێپرسراوێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە ئاشكرایكرد، بەرەسمی ڤیزای تەیف سامی وەزیری پێشووی دارایی عیراق هەڵوەشێنراوەتەوەو رێگری لێكراوە لە چوونی بۆ ئەمریكا و دەزگای لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵیش ناوی لە لیستی چاودێری تیرۆریستی تۆماركردووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، تائێستا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا روونی نەكردووەتەوە بڕیاری خستنە ناو لیستی تیرۆر پەیوەندیی بە تۆمەتی دابینكردنی دارایی بۆ تیرۆر هەیە كە لەلایەن ئەندامانی كۆنگرێسەوە ئەو دۆسێیە وروژێنراوە، یان پەیوەستە بە دۆسێی گەندەڵی لە عیراق و زانیارییە هەواڵگرییەكانی ئەمریكا.
لە ساڵی 2022یش ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریكا بە ژنی ئاسنین تەسیف سامی ناوبرد و خەڵاتی ساڵانەی ئازاترین ژنی جیهانی پێبەخشی بەهۆی ئەوەی كەسێكە كە روبەڕوی گەندەڵی دەبێتەوە.



