وەزارەتی گواستنەوەی عیراق مەرجەکانی پێدانی مۆڵەت بە نووسینگەکانی تاکسی رادەگەیەنێت
٢٨ی ئابی ٢٠٢٦
وەزارەتی گواستنەوەی عیراق، لە رێگەی کۆمپانیای گشتیی بەڕێوەبردنی گواستنەوەی تایبەتەوە، مەرج و تێچووی پێدان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی بۆ نووسینگەکانی تاکسی دیاریکرد.
بەپێی رێنماییە نوێیەکان، پێویستە هەر نووسینگەیەک خاوەنی 50 تا 100 ئۆتۆمبێلی مۆدێل پێنج ساڵی کۆتایی بێت، هەروەها شۆفێران بەستنی نیشانەی رەسمیی تاکسی، پۆشینی جلی یەکپۆش و بەکارهێنانی پێوەری ئەلیکترۆنی یان ئەپڵیکەیشنی زیرەکیان بەسەردا دەسەپێندرێت.
هاوکات نووسینگەکان پابەندکراون بە بەستنی ئامێری دیاریکردنی شوێن (جی پی ئیس) لەسەر ئەرکی خۆیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی 24 سەعاتی.
رێنماییەکان کارکردنی ئۆتۆمبێلی تایبەت و فەرمانبەرانی دەوڵەتیان لەم نووسینگانەدا قەدەغەکردووە و دیاریکردووە کە کارکردنیان تەنها لە سنووری ئەو پارێزگایە دەبێت کە لێی تۆمارکراون.
تێچووی وەرگرتنی مۆڵەتی نوێ یەک ملیۆن دینار و نوێکردنەوەی ساڵانەش 500 هەزار دینارە بە مەرجی پێشکەشکردنی پاکتاوی باج، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ رێکخستنەوەی کەرتەکە و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکی ئارامتر بۆ هاووڵاتییان.


