سوپای ئەمریکا: سەرکەوتووبووین لە پاککردنەوەی ئەو مینانەی ئێران لە گەروی هورمز چاندبوونی
سەوسەن سەید
٢٨ی ئابی ٢٠٢٦
سوپای ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، نزیکەی 50 هەزار سەرباز بەشدارن لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا، و ئاماژەی بە سەرکەوتنی ئۆپراسیۆنی پاککردنەوەی ئەو مینە دەریاییانە کرد کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانی لە گەروی هورمز چێندرابوون.
ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە راگەیەندراوێکی ڤیدیۆییدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: نزیکەی 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکراونەتەوە و بەشدارن لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامی بە بزوتنەوەی کەشتیوانیی بازرگانی دەدەن لە رێگەی گەروی هورمزەوە، و هەروەها جەختی لە سەرکەوتنیان کردەوە لە پاککردنەوەی ئەو مینە دەریاییانەی کە سوپای پاسدارانی ئێران لە رێڕەوە کەشتیوانییە نێودەوڵەتییەکانی گەروەکەدا چاندبوونی.
روونیشی کردەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا هاوکارییان کردووە بۆ تێپەڕبوونی نزیکەی 1500 کەشتیی بازرگانی بە گەروی هورمزدا، کە ئەو کەشتییانە نزیکەی 750 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان بۆ بازاڕەکانی جیهان گواستووەتەوە.
فەرماندەی سێنتکۆم راشیگەیاند، ئێران لە ناوەڕاستی تەمموزی رابردووەوە و لە کاتی دەستپێکردنەوەی گەمارۆ دەریاییەکەوە، هیچ نەوتێکی لە پارێزگا و ئاوەکانی خۆیەوە رەوانە نەکردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد: زیاتر لە 20 کەشتیی جەنگی و سەدان فڕۆکە بەشدارن لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی گەمارۆدانی دەریایی بەسەر ئێراندا، و جەختی کردەوە: لە کاتی دەستپێکردنەوەی گەمارۆکەوە هیچ کەشتییەک بێ مۆڵەتی ئەمریکا نەچووەتە هیچ بەندەرێکی ئێران و لێشی دەرنەچووە، و ئاماژەی بەوەش کرد: هێزەکانی ئەمریکا 75 کەشتییان ئاڕاستەگۆڕ کردووە و ناچاریان کردوون بگەڕێنەوە کە هەوڵیانداوە گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران بشکێنن.




