پۆلیسی سلێمانی: کەسێک بەتۆمەتی دزینی چەند پاترییەکی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر دەستگیرکرا
محەمەد رزگار
٢٦ی ئابی ٢٠٢٦
لە عەربەت کەسێک بە تۆمەتی دزینی پاتری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر دەستگیرکرا و پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت؛ پاتری چەند ئۆتۆمبێلێکی دزیبوو.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی عەربەتی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییان، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە لەناحیەی عەربەت چەند پاترییەکی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری دزیبوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تۆمارکردنی سکاڵایەک لەبنکەی پۆلیسی عەربەت لەسەر تۆمەتبارێکی نەناسراو کە چەند پاترییەکی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری دزیبوو، بڕیاری دادوەر وەرگیراو دوای لێکۆڵینەوەو بەدواداچونەکان و بەسود وەرگرتن لەکامێراکانی چاودێری، توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی عەربەتەوە دەستگیربکرێت.
پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتبار (ز، م، أ لەدایکبووی 1996) لەئێستادا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی (446) لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراوە.



