وەزارەتى خوێندنى باڵا ئاشکرایدەکات، بەشى زمانى کوردى لە زانکۆى دیراساتى بیانى لە پەکینى پایتەختى وڵاتى چین کرایەوە.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایدەگەێنێت، بە هاوکاری زانکۆی سەڵاحەدین - هەولێر بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی دیراساتى بیانى پەکین لە وڵاتی چین کرایەوە، ئەمەش دەبێتە یەکەم بەشی کوردی لە تەواوی وڵاتی چین.

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەنگاوە پردێکی ئەکادیمی و کولتوری گرنگ دەبێت بۆ بەستنەوەی هەرێمی کوردستان و کۆماری میللى چین، بەپێی پلانی ئەکادیمی بۆ ئەمساڵى خوێندنى (2026-2027) لە بەشەکەدا 12 خوێندکار ناویان تۆمارکراوەو ساڵانە لەنێوان 10 تا 20 خوێندکار و قوتابى چینی لەم بەشە وەردەگیرێن.

ئەوەشی خستەڕوو، خوێندکاران سێ ساڵی یەکەم زاراوەی 'سۆرانی' دەخوێنن، لە ساڵی چوارەمیشدا زاراوەی 'کرمانجی' دەخوێنن، بۆ ئەوەی دەرچوان لە زاراوە جیاوازەکانی زمانی کوردی زانیارییەکی تەواویان هەبێت.

وەزارەتەکە راشیگەیاندووە، ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژانە دروستکردنی پەیوەندییەکی دولایەنەیە، واتە هەروەک قوتابیانى کورد بۆ چین دەچن، پلانێکیش هەیە بۆ هێنانی ئەو خوێندکارە چینییانەی لە پەکین زمانی کوردی دەخوێنن بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و ئەکادیمی کوردیدا بەشداری بکەن و تواناکانی زمانی خۆیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەرە پێبدەن.

جێگەى ئاماژەیە بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەڵاحەدین بە ئاستێکی بەرچاو لە وەرگرتنی خوێندکاردا گەشەی کردوە و ئێستا زیاتر لە (100) خوێندکاری هەیە. ئەم بەشە تا ئێستا دوو خولى دەرچونى هەیەو خولى سێیەمیش بەم نزیکانە ئاهەنگى دەرچون ئەنجامدەدەن.