مۆرین مکلکی ژنە چالاکەوان و داکۆکیکاری مافەکانی کورد لە تەمەنی 83 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد
٢٦ی ئابی ٢٠٢٦
مۆرین مکلکی لە ساڵی 1943 لە سکۆتلاند لە دایک بووە و هەر ساڵانی کۆتایی سەدەی رابردوودا لەگەڵ ئاشنایەتی لەگەڵ کورد، رۆڵێکی گرنگی بینی لە خزمەتکردنی منداڵانی کوردستان و یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی (سندوقی منداڵانی کوردستان)، جگە لەوەش لە بەریتانیا هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ ناساندنی کورد و نەهامەتییەکانی و لۆبیکردن بۆ دۆزەکەی چڕکردەوە.
هەوڵ و ماندووبوونی مۆرین مکلکی کاریگەریی لەسەر هاوکاریی منداڵی خێزانە کەمدەرامەتەکان و منداڵانی بێباوک هەبوو، ئەمەش زیاتر لە چوارچێوەی کارەکانی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان کە گۆڕانکاریی بەرچاوی دروستکرد، هەروەها رۆڵێکی گرنگی بینی لە دروستکردن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی رێکخراوی منداڵپارێز لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، هەر لەو رێگەیەوە بەرپرس بوو لە هاوکاریکردنی سەدان منداڵ و ناردنە دەرەوەیان بۆ مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەکانی ئەورووپا.
مۆرین مکلکی چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و دەیان کار و پرۆژە و دەستپێشخەریی گەورەی کردووە، کە بوونە هەوێنی دامەزراندن و فراوانبوونی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان.



