عەبدوڵا ئۆجەلان رایگەیاند، پڕۆسەی ئاشتی گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر جدی و هەنگاوی باشی ناوە، بەڵام هەندێک لایەن دەیانەوێت بە پیلانگێڕی پڕۆسەکە تێک بدەن.

ئۆجەلان بەرز نرخاندنی بۆ هەڵوێستی سەرکردەکانی تورکیا دەربڕی و ئاماژەی بەوەکرد، ئەردۆغان و باخچەلی ئیرادەیەکی بەهێزیان نیشان داوە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە لەسەر بانگەوازی ئەو خەباتی چەکداری کۆتایی پێهاتووە و پارتە سیاسییەکانیش پشتیوانییەکی مێژووییان لەو بانگەوازییە کردووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئۆجەلان ئاماژەی بە بەردەوامی هەنگاوە یاساییەکان کرد و رایگەیاند ئەو کۆمیسیۆنەی لەسەر بنەمای ئەم یاسایە دامەزرا دوێنێ یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا. هاوکات ئەو بڵاوکراوانەی ئاڕاستەی پرۆسەکەن بە جووڵەی تێکدەرانەی دژبەرانی پڕۆسەکە وەسف کرد و ئەوەشی خستەڕوو، ئەو وتانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە بە ناوی ئەوەوە راست نین.

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: "من هەوڵەکانم بۆ بونیادنانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و یاسای برایەتی زیاتر بەرەو پێشەوە دەبەم" و داوای لە هەموو لایەک کرد بە رۆحی برایەتی، هۆشیاری و هەستیارییەوە نزیک ببنەوە و هەوڵ بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە بدەن.