واشنتۆن پلانەکانی بۆ بۆردومانکردنی بنکە ئەتۆمییە قووڵەکانی ئێران ئامادە دەکات و پلانەکان سەرنج دەخەنە سەر بنکە ئەتۆمییە ژێر زەمیننیەکانی تاران.
تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن" لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی ئەمریکا بەردەوامە لە هەوڵە چڕەکانی بۆ داڕشتن و نوێکردنەوەی پلانی سەربازیی گشتگیر بە ئامانجی ئەنجامدانی هێرشی یەکلاکەرەوە بۆ سەر بنکە ئەتۆمییە ژێرزەمینییەکانی ئێران.
سی ئێن ئێن لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، پلانەکان بە پلەی یەکەم سەرنج دەخەنە سەر دەستنیشانکردنی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی ئێران کە لە ووی ئەندازیارییەوە وەک قەڵای قایم و پەناگەی ئارام دروستکراون.
هاوکات شارەزایان و شیکەرەوە سەربازییەکان ئەوەیان خستووەتەڕوو، ئەو بنکانە بە تایبەتی بۆ پاراستنی ئامێرەکانی سەنتەرفیوژ کە ئامێرێکە بەکاردێت ' بۆ جیاکردنەوەی ماددە شل یان گازییەکان بەپێی چڕییەکەیان' و پێکهاتەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە هەر هێرشێکی ئاسمانی یان موشەکی ئاسایی دیزاین کراون، ئەوەش بڕیاردان لە هێرشکردنە سەریان دەکاتە ئاڵنگارییەکی سەربازیی ئاڵۆز کە پێویستی بە پلانی ورد و پێشکەوتوو هەیە.
پێشتریش لە تەمموزی ئەمساڵدا، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لەسەر زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاویکردبووەوە، ئیسرائیل ئیدارەی ترەمپی لە هەوڵەکانی ئێران بۆ گواستنەوەی تەکنەلۆژیا ئەتۆمییەکەی بۆ قووڵایی زەوی ئاگادارکردووەتەوە، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، هەزاران ئامێری سەنتەرفیوژ بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە تۆڕێک تونێلدا لە ژێر کێوی پیکاکس جێگیرکراون.