بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، راگەیەنراوێکی لەبارەی دروستبوونی پشێوی لە سنوری قەزای خەبات بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو کەسانەی دەستیان لە تێکدانی ئارامیدا هەبووە دەستگیرکراون.

لە راگەیەنراوەکەی پۆلیسی هەولێردا هاتووە، شەوی رابردوو، چەند کەسێک لە گوندی "گردەڕەشە"ی سنوری قەزای خەبات پشێوی و نائارامییان دروستکردووە، بۆ پاراستنی ئاسایش و رێگریکردن لە زیانگەیاندن بە سەروماڵی هاووڵاتیان و کەرتی گشتی، هێزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە.

ئەوەشی خستەڕوو، بە فەرمانی دادوەر سەرجەم ئەوانەی دەستیان لە دروستکردنی پشێوییەکەدا هەبووە راگیراون و دەستگیرکراون، رێکاری یاساییش بەرانبەر هەر کەسێکی تر دەگیرێتەبەر کە بەشداری لە روداوەکدا کردبێت.

پۆلیسی هەولێر هۆشداریشیداوە، رێگە بە هیچ کەسێک نادرێت ئاسایش و ئارامی سنوورەکە تێکبدات و یاسا بەرانبەر سەرپێچیکاران جێبەجێ دەکرێت.