بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لەکەسایەتی و لایەنە سیاسیەکان و پەرلەمانتارانی سوید، دوێنێ یەکشەممە کۆبوونەوەیەک لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید رێکخرا و تێیدا فیلمی دۆکیۆمێنتاری "دادە" نیمایشکرا.

لە وتەیەکدا سالار مەحمود ئەندامی سەکردایەتی و لێپرسراوی ناوەندی دەرەوە وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبوان، سوپاسی کردن بۆ بەدەنگەوەهاتنی بانگێشتەکەی ناوەندی دەرەوە، جەختی لە گرنگی رۆڵی رەوەندی کوردی کردەوە لە جۆشدانی خەباتی نیشتمانی و، پەرەپێدانی گیانی پێکەوە کارکردن بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی پڕ تێکۆشانی گەلەکەمان.

ئاماژەی بە پێویستی رێکخستنی کارو خەبات کردەوە بەهاوتەریبی لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات، سوپاسی تێکۆشانی رەوەندی کوردی کردەوە لە دەرەوەی وڵات کە کاریگەری زۆری لەسەر پرسی نیشتمانیی و نەتەوەیی هەبووەو هەیە، چالاکی و پێگەیان کاریگەری لەسەر یەکبوونی کورد لە دەرەوە و سڕینەوەی زیهنیەتی پارچەبون و دابەشبوون کردوە.

لەلای خۆشیەوە، عومەر شێخ موس ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی لە خەبات و تێکۆشان و رۆڵی ژنانی کورد کردەوە لە خەباتی رزگاری نیشتمانیی گەلی کوردستان.

جەختی لە یەکخستنی تواناکان کردەوە بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکان بەجۆرێک لەگەڵ میکانیزمەکانی ئەم قۆناغەی خەبات بگونجێنرێت.

دوای وتەکان، فیلمی دیکۆمێنتاری دادە کە گوزارشت بوو لە ژیان و مێژووی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە شاخ و شار نمایشکرا و ئامادەبووان بە گەرمی پێشوازیان لە رێوڕەسمەکە کرد.