یەكەمین بانكی جینی ڕووەكی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق لە پاركی هەواری شاری سلێمانی دەكرێتەوە.

بە چاودێری و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە پاركی هەواری شار لە سلێمانی، ڕێوڕەسمی كردنەوەی یەكەمین بانكی جینی ڕووەكی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق بەڕێوە دەچێت.

ئەم پڕۆژە ستراتیجییە بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوی فاوی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان جێبەجێ كراوە، كە لەلایەن یەكێتیی ئەورووپاوە پاڵپشتیی دارایی دەكرێت.

ئامانجی سەرەكیی بانكەكە پاراستنی دەنكۆڵە و جینی ڕووەكە ڕەسەنەكانی ناوچەكەیە لە فەوتان، لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی وشكەساڵی و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا. هاوكات بڕیارە ببێتە ناوەندێكی زانستیی گرنگ بۆ توێژەران بە مەبەستی بەهێزكردنی بنەماكانی ئاسایشی خۆراك و پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا.