پارێزگاری هەولێر: دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو دەبێتەوە بە کارتی ئەلیکترۆنی
بڵند
٢١ی ئابی ٢٠٢٦
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردسات نیوز، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، هەوڵدەدەن لە سبەینیوە ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکەن زیاد دەکەن بۆ دوو هێندە و دابەشکردنیشی لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنیوە دەبێت.
دوای سەرهەڵدانەوەی قەیرانی بەنزین لە هەولێر و بەرز بونەوەی نرخی بەنزینی بازرگانی نۆرماڵ لە بەنزینخانە تیجارییەکاندا بۆ سەرو 1700 دینار، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند دابەشکردنی بەنزینی سوتەمەنی دەکنەوە بە کارتی ئەلیکترۆنی.
ئومێد خۆشناو بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە سبەینێوە ژمارەی بەنزینخانەکان کە بەنزینی پاڵپشتیکراو دابەش دەکەن زیاد دەکەن بۆ 25 تا 35 بەنزینخانە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ دابەسکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو هاوکات کارتی وەرگرتنی سووتەمەنی دووبارە کارا دەکرێتەوە و بەو کارتە بەنزین دەدرێتە شۆفێرەکان.
ئومێد خۆشناو ئەوەشی خستەڕوو؛ لە سبەینیوە بە شێوازی تاقیکری دەستپێدەکەن و هەوڵدەدەن لە رۆژی یەکشەممەوە پرۆسەکە بە تەواوەتی ریکبخەن و هەوڵدەدەن ئۆتۆمبێلی تایبەت و تاکسیش جیابکەنەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو، وەزارەتی سامانەسروشتییەکان بە بڕیارێک نرخی بەنزینی پاڵپشتیکراوی کرد بە 750 دینار و رایگەیاند، ئیتر قەیرانی بەنزین کۆتایی دێت و پێویست بە کارتی ئەلیکترۆنی ناکات بۆ وەرگرتنی بەنزینی پاڵپشتیکراو.


