ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاند، ئێران تاوانی بەرنبەر بە گەلی سوریا ئەنجامداوە و دەبێت دانیپێدابنێت، لەبارەی ئیسرائیلیشەوە دەڵێت؛ هێشتا زووە باس لە هەر رێککەوتنێکی ستراتیچێ بکرێت.

ئەمڕۆ هەینی لە میانی سەردانەکەیدا، بۆ پاکستان رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران تاوانیان بەرانبەر بە گەلی سوریا ئەنجامداوە  ودەبێت دانیپێدابنێن.

شەیبانی ئاماژەی بەوەکردوە، رۆڵی ئەرێنی پاکستانی لە ئاسانکاریی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتۆندا بەرز نرخاند، بەڵام رونی کردەوە، کە تاوەکو ئێستا پاکستان هیچ پێشنیازێکی رەسمی بۆ نێوەندگیری لە نێوان دیمەشق و تاراندا نەخستووەتەروو.

لەبارەی پەیوەندیان لەگەڵ ئیسرائیلدا، شەیبانی دەڵێت؛ هێشتا زووە باس لە هەر جۆرە رێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ تەلئەبیب بكرێت.

ناوبراو جەختی کردەوە، لە ئێستادا ئامانج و لەپێشینەی سەرەکیی حكومەتی سوریا، راگرتن و کۆتاییهێنانە بە هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکەکەی.

شەیبانی رایگەیاند، سوریا دەوڵەتێکی سەربەخۆیە و رێگە بە ئیسرائیل نادات دیاری بکات، کە دیمەشق لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا چ جۆرە هاوپەیمانی یان هاوبەشییەک دروست دەکات.