پارێزگاری بانكی ناوەندیی ئێران ئاشکرایکرد، بەهۆی داخستنی گەروی هورمز و پەككەوتنی هەناردەی نەوت، حكومەتی عیراق نەیتوانیوە شایستە داراییەكانی ئێران بداتەوە.

عەبدولناسر هیمەتی، پارێزگاری بانكی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، هەناردەكردنی نەوتی وڵاتەكەی بە تەواوی وەستاوە و داهاتی نەوت گەیشتووەتە سفر، هەر بۆیە ناچارن روو لە وەرگرتنەوەی شایستە داراییەكانیان لەو وڵاتانە بكەن كە مامەڵەی بازرگانییان لەگەڵیدا هەیە.

هیمەتی ئاماژەی بەوەش كردووە، پێش جەنگ ساڵانە بە بەهای 12 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ عیراق كردووە و بەو هۆیەشەوە شایستەی داراییان لە بانكی ناوەندیی عیراق ماوەتەوە و حكومەتی بەغدادیش بەڵێنیداوە شایستە داراییەكانیان بداتەوە.

راشیگەیاند،  بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و وەستانی هەناردەی نەوت، عیراق روبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە و ناتوانێت شایستەكان بداتەوە.