شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سەردانی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی کرد
سەوسەن سەید
١٩ی ئابی ٢٠٢٦
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی سەردانی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی کرد و لەلایەن باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەکە و یوسف زۆزانی، جێگری سەرۆکی دامەزراوەکەوە پێشوازیی لێکرا.
لە دیدارێکدا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرانی دامەزراوەکە کرد بۆ هەوڵەکانیان لەپای گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی" و چەسپاندنی لە سیستمی فڕۆکەوانیی مەدەنی و خشتەی گەشتە نێودەوڵەتییەکاندا.
دوا بەدوای تاوتوێکردنی هەوڵ، هیممەت و پرۆژەکانی داهاتووی دامەزراوەکە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەشەکانی دامەزراوەکە و پانۆرامای وێنەیی وێستگەکانی ژیان و خەباتی سیاسی و دیپلۆماتیی سەرۆک مام جەلالی بەسەرکردەوە.



