وەزارەتی پەروەردە: سێشەممەی داهاتوو پشووی رەسمییە لەسەرجەم دامودەزگا پەروەردەییەکان
سەوسەن سەید
١٩ی ئابی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گشتاندنێکی رەسمی ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کرد، بەمەبەستی ئاگادارکردنەوەیان لە گۆڕانکاری لە خشتەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە.
بەپێی نووسراوە رەسمییەکە، بەهۆی هاوكاتبوونی پشووی رەسمیی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە رێککەوتی 25ی ئابی 2026، هیچ تاقیکردنەوەیەک لەو رێککەوتەدا ئەنجام نادرێت بۆ سەرجەم قوتابیان و خوێندکارانی پۆلی 12ی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی و پیشەیی) لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان.
دوا بەدوای ئەو پشووە، رێزبەندیی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان دەستکاری کراوە؛ بە جۆرێک ئەو تاقیکردنەوەیەی بڕیاربوو رۆژی 25ی ئاب بەڕێوەبچێت، دواخراوە بۆ رۆژی 27ی ئابی 2026. هەروەها ئەو تاقیکردنەوەیەش کە بڕیاربوو لە رۆژی 27ی ئاب ئەنجام بدرێت، دەگوێزرێتەوە بۆ رۆژی 30ی ئابی 2026.
وەزارەتی پەروەردە جەختی کردۆتەوە کە سەرجەم خوێندکاران بەپێی ئەم وادە و خشتە نوێیە بەردەوام دەبن لە بەشداریپێکردنیان لە تاقیکردنەوە گشتییەکاندا.



