سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، گەروی هورمز کراوەیە و لە ئێستادا هیچ دانوستانێکیان لەگەڵ ئێراندا نییە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس نووسیویەتی، هیچ جۆرە گفتوگۆ یان دانوستانێک لەگەڵ ئێران لە ئارادا نییە و بۆ داهاتووش هیچ پلانێکیان بۆ ئەو مەبەستە دانەناوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، گەروی هورمز کراوەیە و هەموو مینە دەریاییەکانیش لەناوبراون، جەختیشیکردوە، هێزەکانیان کۆنترۆڵی رەوشەکەیان کردووە.

ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، گەمارۆدانی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی ئێران بە بڕیارێکی کارا و بەهێزەوە بەردەوامی دەبێت.

ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە محەمەد باقر قاليباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندبوو، گەرووی هورمز ناکرێتەوە تا ئەمریکا پابەندبوونی خۆی بە لێکتێگەیشتنە کاتییەکان جێبەجێ نەکات، کە بریتیین لە هەڵگرتنی گەمارۆکان، ئازادکردنی داراییە بلۆکراوەکان، لابردنی سزاکانی سەر نەوت و راگرتنی هەڕەشە و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان.