بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای میدیایی كوردسات پێشوازی لە كۆنسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی كوردستان كرد و تاوتوێی بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابووری، پیشەسازیی و تەكنەلۆژی و میدیاییەكانی نێوان هەردوولایان كرد.

دێرین لەتیف رەشید بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای میدیایی كوردسات، پێشوازیكرد لە لیو جیون، كۆنسوڵی گشتیی كۆماری گەلی چین لە هەرێمی كوردستان، لە دیدارەكەدا، تیشك خرایە سەر گەشەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكان و رەخساندنی دەرفەتی هاوكاریی زیاتر لە نێوان هەرێم و چیندا.

لە بەشێكی دیكەی گفتوگۆكاندا، باس لە گرنگیی كەرتی پیشەسازی و تەكنەلۆژیا كرا و  جەخت لەسەر هاندانی كۆمپانیا و بازرگانە چینییەكان كرایەوە بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بە مەبەستی گواستنەوەی شارەزایی و رەخساندنی هەلی كار.

 لە كۆتاییشدا بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی كوردسات ئامادەیی تەواوی دەزگای میدیایی كوردساتی دەربڕی بۆ پشتیوانیكردنی میدیایی لە هەر هەنگاو و پڕۆژەیەك كە خزمەت بە گەشەپێدانی ئابووری و ناساندنی دەرفەتەكانی وەبەرهێنان لە هەرێم بكات.